سەرۆک لەتیف ڕەشید
پەیامێکی تایبەت لە سەرۆک لەتیف ڕەشید.
من نیگارکێش و هونەرمەند نیم، بەڵام هەمیشە سەرسام بووم بە هەردوو هونەری ڕەنگاوڕەنگی مۆدێرن و هونەری کلاسیک. هەڵبژاردنم بۆ تابلۆکان تەنها هەڵبژاردنێکی تاکە کەسییە و سەیری ئەو شتانە دەکەم کە سەرنجی چاوەکانم ڕادەکێشن. من سەرسامم بە هونەرمەندانی عێراقی و کورد و نەتەوەکانی تریش. بەختەوەرم کە توانیومە پەیوەندی لەگەڵ بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانە دروست بکەم کە لە پاریس، ڤینیسیا، لەندەن، سلێمانی، بەغدا و ڕۆما دەژین.
بەداخەوە بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی عێراقی و کورد بەهۆی ناسەقامگیری دۆخە سیاسییەکانی عێراق و کوردستانەوە ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کرد، بەڵام هەرێمەکەمان هەمیشە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە هونەر و کولتوورەکەمان ناسراو و دانپێدانراو بووە.
هیوادارم ئەم گەلەرییە هاوکارییەکی بچووک بێت بۆ باشترکردنی هونەر و ڕۆشنبیری شارەکەی خۆم، شاری سلێمانی- شارێک کە هەمیشە وەک ناوەندی ڕۆشنبیری و بیرمەندان لە کوردستان ناسراوبووە. هیوادارم هونەرمەندان سوود لەم گەلەرییە وەربگرن بۆ پیشانگا و سیمینار و چالاکییەکان و ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵک بەگشتی چێژ لە بەسەربردنی کاتیان وەربگرن تیایدا"


